کوردی

ژیاننامەی مامۆستا ئیسماعیل(سمکۆ) پاکزاد

بە ناوی دانەر و داهێنەری هەست و شعوور
ژیاننامەی مامۆستا ئیسماعیل(سمکۆ) پاکزاد
هونەرمەندی وێنەکێش، وێژەر، پسپۆڕ و لێکۆلەری زمان و فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردی
بە قەڵەمی: دکتۆر مێهری پاکزاد خوشکی مامۆستا و ئەندامی لێژنەی زانستی زانستگای ئازادی مەهاباد

هەر کەس کە دەگەڵ میللەتی خۆی نییەتی چابێ زاتێکە کە عالی نەسەبە و فکری بڵیندە
(مەلا مارف کۆکەیی)

“لە گەڵ ئەوەی خەمەکانت گەلێ قورسن
لە گەڵ ئەوەی ڕێگە و بانی پێک گەییشتن زۆر بە ترسن
لە گەڵ ئەوەی جەردەی ڕێمان وەک قەرەکووژ هیچ ناپرسن
بەڵام من هەر بەرە و ڕووت دێم
کۆڵ نادەم و هەنگاو دەنێم
تۆ سەرچاوەی شادی منی
یا پێت دەگەم یا لە ئاگرتا دەسووتێم
یا پێت دەگەم یا لە ئاگرتا دەسووتێم…”(ژیلا حوسەینی)



لەیادمە کە مناڵ بووم کاتێ لەژێر سێبەری داربەڕووی حەوت بەر و ریشاژۆی قەڵافەتی ڕەسەنت دەوێستام، دەحەسامەوە و وام بیر دەکردەوە لە مەدرەسە و مەکتەبێکدا میوانم کە تەنانەت بۆ چرکە ساتێکیش دەرگاکەی گاڵە نادرێ و مامۆستاکەی کۆڵنەدەرانە شەو و رۆژ خەریکی فێرکارییە، کاتێ لە مەجلیس و کۆڕی شێعر و هونەرت دا دادەنیشتم شکم نەبوو کە دەرگای زانستگایێکی گەورە و پڕ بار و پڕ لە زانست و شتی نوێم لە ڕوو کرابۆوە کە مامۆستاکەی بێدرێغ و بێ‌هیچ چاوەنواڕیەک هەرچی لە جانتای دابا پێشکەشتی دەکرد. لە بیرم ناچێ ئەوکات کە تەنیا پۆلی دووهەمی سەرەتایی بووم کە دەگەڵ منداڵەکانی ماڵێ و گەڕەک کۆت دەکردینەوە و فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی و شێعر خوێندنەوە و وێنەکێشیت دەکردین. ئاه چ زوو ساڵانێک تێپەڕ بوو کە تۆ بووی و من بووم و پەنجەرەیەک و بۆنی گوڵە یاسەکانی بابم و هۆدەیەک لە پەڕتووک و قەڵەم‌موو و تابلۆ و ڕەنگ و دەنگی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان، مەرزیە و شەجەرییان و فرووغ و شاملوو، هەرێمی دڵمانی ئاوەدان دەکردەوە و مێشکمانی زاخاو دەدا. مامۆستا گیان من وەک خەڵفێکی ساوا و تۆ دارێکی پڕ لە میوە، من هێمن و هێدی بە ساعەت دادەنیشتم لە لات و چاوم دەبڕیە دەست و قەڵەمت کە چۆن تابڵۆیەکت دەنەخشاند و دەنکە گەنمێکت لە ناو مەزرای دڵی مندا دەچاند. مامۆستاکەم، برای گەورەم، لە جێی بابم، رەفیقی رۆژ و شەوانم سڵاو، سڵاو لە رووحی بەرزەفڕت، لە هونەر و کوردی زانی و عەشقی پیرۆزت بە گەل و وڵات، بە ئینسانییەت و مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ منم و دەریایەک فرمێسک، منم و بێ تۆیی، منم و بیرەوەری و یادگارییە هەتا هەتایی و هەرمانەکانت.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید

بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن