ناساندنی مێژوو، وێژە و جوغرافیای ناوچەی کەڵاتەرزان – بەشی یەکەم

نووسین: ئیرەج مورادی باقلاوایی
سەردەشت – ٣٠/٠٥/١٣٩٨
کۆکردنەوە و توێژینەوە لەسەر بابەتە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، وێژەیی، مێژوویی، ئابووری و سروشتیی بازنەیەکی جوغرافیایی خاکی کوردەواری دەتوانێت گەلێک زانیاری ورد و درشتی پێویست بخاتە سەر پاشخانی گەورەی شارستانیەتی گەلی کورد. ئەو پاشخانە گەورەیە دەبێ سەرجەم ناوچە و هۆز و بنەماڵە و تاکە هەڵکەوتە و ناسراوەکان لەخۆ بگرێت و نەچەقێتە ناو تەنیا ناساندن و باسکردنی بەشێک لە خاکی بەربڵاوی کوردستان. یەکێک لە ناوچەکانی ئەو سەرزەمینە کە کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە و پەرژاونەتە سەری، مەڵبەندی بەرینی نێوان دوو شاری سنە و مەریوانە، بەتایبەت ئەو بەشەی کە بە بەرڕێ و پشتڕێ یا بەواتای ئەوڕۆکە کەڵاتەرزان دەناسرێت. هەوڵی ئێمە لەم زنجیرە وتارەدا ئەوەیە سەرنج و تێبینی و خاڵە بەرچاوەکانی دیرۆک و ئێستەی ئەو ناوچەیە بگێڕینەوە و خوێنەری کوردی پێ ئاشنا بکەینەوە. دڵنیام گەلێک چۆڵایی دیرۆکی، وێژەیی و بابەتی دیکە لە پێداویستی پاشخانی ژیاری کوردی پێ پڕ دەبێتەوە.
١: سنووری ناوچەکە
پێش ئەوەی چاو بخشێنینە سەرچاوە و بەڵگەکان، ئاوڕێک لە قسەی بەساڵاچووەکانی ئێستەی ناوچەکە ئەدەینەوە. گەلێک جار پیرانی ئەو دەڤەرە کاتێ ئاماژە بە خاکی ناوچەکە دەکەن بە بەرڕێ و پشڕێ ناوی دەهێنن. ئەمە بەگشتی دەبێتە سەرجەم مەودای باکوور و باشووری ڕێگای کۆنی نێوان سنە بۆ مەریوان کە لە نزیک شارۆچکەی شوێشە لا ئەدات و بەرەو کاکۆزەکریا و جانەورە دەڕوات و لە کەل گاڕان دادەگەڕێ و لەسەر پردەکۆنەکەی گردەڵان لەگەڵ ڕێگای سەرشیو و سەقز یەک دەگرنەوە. [چەند ساڵێکە دیسانەوە حکوومەت خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو جادەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتەوە ڕێگای سەرەکی بەستنەوەی سنە و مەریوان.] جا ئەگەر هێڵێک لە دەروازەی کۆنی شاری سنە واتا پێدەشتی ئاویەر لە گەڕەکی کەمێز و دۆڵی دەرەبەیانی ئەو شارە بکێشین هەتا ئاوایی ئەسراوای نزیک مەریوان، ئەوە دوو دیوی بەر و پشتی ڕێگاکە دیاری کراوە. بەرڕێ و پشتڕێ کۆنترین ناوێكە بەسەر ئەو ناوچەدا بڕاوە. دواتر بەهۆی دابەشکاریەکانی دیکە ناوەکانی وەکوو کوڕەوێز (کۆماسی)، کەڵاتەرزان، چەم شوێشە، بەرپلەی ساڵاڵ، چەم تووار، سەرنوێ و چەم نگڵ دەرکەوتن. ئەگەر دابەشکاری بازنەی شارستانیی ئێستە لەبەر چاو نەگرین ئەو ناوچەیە لە بازنەی گەورەتری کەڵاتەرزان و کۆماسی جێ دەبێتەوە و خەڵک خۆیان لە ژێر ئەو چەترە جوغرافیاییە جێ دەکەنەوە. سەردەمی وا بووە تەنیا ناوی ناوچەی کەڵاتەرزان بووە و بەهۆی تەسکی سنووری کۆماسی، ناوی کەڵاتەرزان بووەتە پاشگری ناوی بنەماڵە و خێڵ و کەسەکانی سەرجەم ناوچەی پشتڕێ و بەرڕێ، بەڵام بەگشتی دەبێ بڵێین دوو ناوچەی کەڵاتەرزان و کۆماسی لە پەڕەیەکی جوغرافیایین و هاوبەشییان زۆرە. هەر بۆیە زۆر جار ناوچەی چکوولە واتا کۆماسی دەکەوێتە ناو بازنەی ناوچەی گەورەترەوە، یانێ کەڵاتەرزان.