سابڵاغی جاران

شارەکەم! لە وەرزی تەمەنی پڕ ساڵەوە جاڕیکی دیکەش لە کەروێشکە خەو ڕادەپەڕم و لە بەرزایی خەیاڵمەوە دەچمەوە دەورانی مناڵی و کاڵی و دەڕوانمە گەڕەک و کۆڵانە تەنگەبەر و شەقامەکانت. من لە سەیرانی کێو و کوێستان و کانیاوی سارد ولە لەوەڕگەی زەنوێرەوە سەربەرەوژێری ناخی شارەکەم دەبمەوە. دەگەڕێمەوە شەش دەیە دواتر و دەگەڵ پۆلی منداڵان بەدوای دادودیدی ماشینی ئاوپڕژێنی شەقامەکانی شاردا ڕا دەکەم و بە دەنگێکی ناسکی کچوڵانە “دادوودادوو سەیزادە ئاوم پێیە وخۆت لادەی دەڵێمەوە. خۆم تۆزاوی دەکەمەوە، با دایکم وەک هەموو جارێ جارێکی دیکەش لێم توڕە بێ و خۆشکۆڵەکانم سەر و پۆتەراکم بتەکێنن و زێدەبراکەم بۆم خەمبار بێ .
جا چ بکەم ئاشنایان ئێستاش سروەی زەریانی بەیانان بۆنی گوڵەباخەکانی پیرە دەشتەکەی شاروێران و جاترە و بێژانی قوڵقولاغ و زاوا و بووک… لە ناخمدا بینە دەخۆنەوە. ئێستاش بۆنی تۆزی بەر بای شەماڵی ئێوارانەی گۆرستانە پیرۆزەکەی بداغ سوڵتان فەرامۆشیم دێنێتەوە.
سابڵاغ شارەخونجیلانەکەم ،شاری پڕشانازی نەتەوەکەم ، وڵاتەکەم! تۆ تا خوا حەق بکات مەزنی و مەزنتریش بووی و مەزنتریش دەبی، بەڵام بمبوورە گەلیک بۆم نامۆی!
درێژەی هەیە…
نوسەر : خانمی پەروانە ئەحمەدەین