باميه ی شیله دار

بەشێک لە ”باميه ی شیله دار” لە گۆڤاری بەیان بۆ ئێوە خۆشەویستان هەلبژاردراوە. بۆ خوێندنەوەی زیاتر، بە کرینی گۆڤارەکە رێزمان لێ دەنێن. بە سپاسەوە.
قادر لوتفیانی )ئازا)
( 1332 – 1383 (1953- 2004)
شەو درەنگانه، جگه له نووری كز و بێهێزی سێ گڕسۆز كە له سێ سووچی گوند به زەحمەت خۆدهنوێنن و كزه لەدڵ دێنن ڕووناكییتر لە ئاوهدانی بهدی ناكرێ، ئهوەی بە گوێ دەگا زرینگانهوه ی دەنگی كڕ و توندی غه مهێنەری، شادیبهری كونده لهو گونده .
شه وەزەنگه، ئاوەدانی بەڕواڵه ت مات و بێدەنگه، ژیان تاڵە. پەردەی ڕەشی شەوه کە بهو شهوه وڵاتی داپۆشیوه و بەسهر ڕووناكییدا زاڵه.
ئهم حاڵه دووپات بوونهوەی پهیتاپهیتای پهردەكانی ژیانی پڕ ژانی سی ساڵه. لهو كاتهدا له كوردستانی جوان و نهخشین، كوردەواریی تامەزرۆی ئاواتی لەمێژین، ئاگردانی پڕتینی ژین، ڕووگەی سوور و شینی ئەوین به وەرزی هاوینی بەتین، چرتەچرتی تەكووزی گەڕانی دەستی بەهەستی كاتژمێری بەگەڕڕاهاتووی وەگەڕكەوتووی زەمان، مەلی بیر و خەیاڵ وەهەڵفڕین دەخا، له هەوادا دەمخاته سەرهەوا، دەمبا تا دەمگەیەنێته دەوری خۆش ڕواڵەت و حاڵەتی پڕ بیرەوەری مناڵی. پاپۆڕی بیر و هەست، هەستی بەنەرمەلاوێنی زیل و بەمی ئاهەنگی شەپۆلی دڵڕفێنی نەوەستاوه، لەسەر ئاوی بەتاوی دڵی دەریای پڕجۆش و خرۆشی خەیاڵ بەرەو هەوەڵ مەنزڵەكانی ژیان دەگەڕێتەوه. بەستێنی خەمهەستێن چاوەڕوانه، بیرەوەریەكانی مناڵی هەر یەكەی وەک پەردەیەكی شانۆی ژیان دێته بەر چاوان. قاقاكانی شین ئیمشەو تێكڵاوی گریانەكانی پێكەنینن. له خولی سینەمای دەوران سەرمسوڕماوه. سەیرە! نازانم چلۆنه بەو وەخته شەوه كه گەرماوگەرمی ئاهەنگی سازی نازی خەوه، بیرەوەریەكانی بە دەودەوەم یەكهیەكه لەبەر چاوه. ڕەوڕەوەی مناڵانی ڕەزاسووک و چاوجوان، لاوان و پڕشنگی نیگای چاوان، پیرانی بەمشووری كاتی تەكبیران، كیژانی بازنه لەدەست و گۆزه لەشانی دەستنیشانی بەهاری جوانی، كوڕه كوردی جحێڵ و هەنگاوی بەتاوی بەرەو ژوانی. دار و هەلوكێن، قەرێقەرێن، هەجۆهەجۆیێن، ڕیزڕیزێن، مێشێن، میرمیرێن، خەستەكێن، جگێن، گۆیێن، نان نانێن، خوزێن یان تۆپی به جەغزێن، پێنج بەردێن، یان بازەڵێن، مەلا تەقتەقێن، گۆڵگۆڵێن، هەمزەڵێن، هەپک هەپکێن یان هەدارهەدارێن، هەلاجێن، وزوزێن، تەڵه و ڕێوێن، گوێ پچكڕێن، كێ دەركەین، نوخته نوختێن، دیواره بستێن، داروعەڕابێن، كەرەسوورێن، مانگا بەکەڵێن ، فجووقێن، بازبازێن، باڵەقۆچانی، سەرمەقولات، پشكیلان، شەمۆله، بانژۆڕ، ئەسكەمله، تاق مانەجووت، “دایه مەمده به گورگێ، گورگە ددانی تیژه”، “سەرەكەی بیچقەدەره، به گیانی تۆ”، شەلاقێن، قوماری مەزرەق، تەركی بن بەڕه، خووگه مەله، حەلۆ حەلۆی به شەقان، کەپری به كەشكان، زۆرەبانی، مەچەکه، لاق و پشتێنده، بەردی بن كۆشی، گورزی به فیتوان، چاڵه هەرزن، شەیتانۆكه، شێعر شێعرێن، تەنافێن، چۆڵەمەشكێن و زۆر قومار و كایەی مناڵی دێنه سەرپەردەی بیر .
پێكوڵه سووته، دامركێنەری کوڵی دڵی ژاكاو و بزووته، گڕی گەمەی گرێی باقەبێن، گرێپووچكەی كوڵی دڵ دەكاتەوە. بیری شاڵیاوا ماڵی ئاوا، بزەبزوێنه، خونچەی دەمی پێدەپشكوێ و کزەم لێ دوور دەخاتەوه. حەوشه ماشتن و ئاوداشتنی منداڵی، خەریكی ناشتنی دەرد و پەژارەكانمن. بیری هەنگڵەشەله دەمخاته مەله، بەپەلە وەک بەرق دەمگرێ، دەمكێشێ و دەمگەڕێنێتەوه پێشێ، جۆلانە و قوونەخشكە و سازكردنی چای به پووشكەی كەترییه ڕەشه، كڵاوی سەرچەنگان، قازی و مەلایێن، كەر و بارێن، بارەخوێ و ئاغا و ڕەعیەتێن، قەت لەبیر ناچنەو .”سواری ئەسپی داری له دەوری شاری”، ”دادوودادوو سەیزاده، دەسماڵەكەی دووباده”. ”خودا دەبەر بەشت مرم، قەلیش دەڵێ من كۆترم، به باڵی خۆم هەڵدەفڕم,” ”فچكه لەجێ فچكه لەجێ، فچكی فڵانی بێتەوه جێ”، ”پشی پشی نانت دەدەم، ئاوت دەدەم، ماستت دەدەم، گۆشتت دەدەم، تەق لێتدەدەم”، ”زەنگەته مەنگەته، خودا فەرمووی ئەوەته”، ”حلوور بلوور تەكامه، زەرد و سوور و شەمامه”، ”مەلامەلا نوێژ دەكا، به كاكڵان خۆش دەكا”، ”به وەی بادی هەوایه”، “ئەی دەرزی دەرزی دەرزی، شەقڵەی بووكێم دەلەرزی, بووكم دی حەڵاڵم دی، لەگەڵ ڕەسوو لاڵم دی، ڕەسوو لاڵی دووگردی، دەمهێنای و دەمبردی، لەخۆم ماره دەكردی”، ماره ماره هەڵبەزی، به سونجاغ و به دەرزی”، نیسێ نیسێ، گرێ گرێ. قاره ماره زەمبەرزوو. پاش دار و هەلووكێن، دەمباته دنیایەكی پڕ له كەیف و شادی. وای گۆمه گۆمه، یان هەیچۆمه چۆمه، دنیا به كەیفی خۆمه”م وەبیر دەخاتەوه، تاسه و ئاواتەكانی وەدینەهاتووی منداڵیش بەپێچەوانه .
بیر دایگرتووم، بیری ئەوانەی وەک سواڵكەر و شێت سەیر دەكرێن. دڵم پڕ له دەنگی كڕی “فاته”یه، لەو كاته دا هاواری “مینەگەزۆ” دەكا. دەستگرتنەوەی مینەگەزۆ بۆ پارەی فاته و “بۆ فاتەی تێهاوێن خەڵكینە! بەزایه ناچێ”، لەبیر ناچێتەوە. ”سەیدە” و نان و قڕانی، “سمایل”ی مریدی خانەقا و تووکونزاكانی، ”پوربیسمیل”ی وازوازی و گاڵتەكانی، “سولەیمان” و پێلاقەكانی، ”سەیده لووشه” و دەسوەشانی، ”سمایله گۆج” و قامەكانی، “مستەفای كەریم جووجوو”ی ئاشقه شایه و گۆرانی، ”زڵەخا بۆق” و قیژانی، “بارام”ی پسک و كڵاوی کۆنی، كون كونی شەپكه لهسەر چاوانی، ”حەمه” و فێگرتنی نێو هەر شەقام و كۆڵانی، ”برایمه درێژ” و خولانی نێو گوزەر و دوكانی، ”محێدین”ی دەم بەجنێو و خۆشخەت و مێعرەكانی،” خەمان” و گێڕانەوەی سەیری له فەردین و فیلمەكانی، ”غەنی باڵنده”ی لێفه درووی نێوچاوان گرژ و بایەكانی، ”بووک دولبەر” و دەستی پڕ له قڕانی، ”سەید ساڵه” و پزدانەكانی، ”برایم مۆغەمی” و جڕتەكانی، ”هاشمی تۆوفرۆش” و ئەی ناخۆمی مناڵان و ئەی به گونانی، ”سەیدی ئاشی” و سیگناڵەكانی، ”ڕەحمان سەباری” چاویلكه لهچاو و ساكی كۆنی ڕەشهەڵگەڕاو به نووسراوەكانی، “مەشەدی قیله” و هاویشتنی پشیلەی دوكانی ، “فەقێی باربەر” و “بۆكێی بەرینەوە، مەولایه، بینێری لهولایه”ی ڕوژان و خه ونی شهوانی، “تێیدایه میلله ت”ی ”چیچۆ” و ڕۆژنامەكانی، ”خدر”ی دڵسۆز و چەند زەبتی نێوان دەستوشانی و غاردانی، “عەوڵا”ی پسک و نێرەمووک و دۆ ترشەكەی و ڕەپێنانی مناڵانی، ”سه یفە” و كراسی تەنكی قۆڵ كورتی، دوگمه دانەخراوی زستانی، ”پووره عەدڵێ” و
سواڵی ماڵان و دوعای به دوو قڕانی، “خه ییام”ه شێت و بەئیشتیا و بێوەخت بانگدانی، “قاله مشكه”ی جلدرووی نەخوێندەوار و چەتری بنهەنگڵ و ڕۆژنامه كانی،” خاڵه سوورە” و دوایین ڕوانینی لهكاتی بەڕێكردنی بۆ شێتخانه و فریا و هاوارەكانی كە :”سابڵاغینە! كوڕە دەمبه ن، مەهێڵن! لەقیستان دەچم’!’، لەبیر ناچێ. بیرەوەرییان خوێنی دڵ وەكوڵ دەخا، دەمهێنێ و دەمبا و لەكاتی گەشتی پێدەشت و پێوانی كێوان، زەردەخهنەم دەخەنە سەر لێوان .
ڕمبازێنی تاقه سوارانی كەوا ڕەش و پانتۆڵ زەردی خاوه ن سۆرانیی سۆران له شایەدا هەر لەسەر یاده و ئاواتی ڕمبازێنم لەسەر پشتی ئەسپی شادی مراد تێدا دەگەشێنێتەوه زۆر سەیره، وركه دزیی تێكڕایی پۆلی ڕه فیقانی مناڵیم له باغان پاش تێپەڕبوونی بیست و چەند ساڵ دێتەوەبیر، هەر ئەوەنده سێو و قەیسی، بهڵاڵوک و گێلاس لێدەكراوه لەحەینی خواردنیاندا باغەوانه پیرە دەگەیشتێ. ئیتر جنێو بوو و ڕەپێنان ,باغەوانی غەزب لەنێوچاوان باریویش، هەر ئەوەنده دەستی گەیشتبا یەكمان، تۆڵەی هەموومانی لێدەكردەوە و كوڵوكۆی هەموومانی پێدەڕشت .